سەردێڕ:

دەسپاکی عێراق: لیستێکمان بۆ ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە ئامادەکردووە

فۆتۆ: 
2020-07-03

28175 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دەسپاکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەدواداچوونی بۆ ئەو پارانە کردووە کە براونەتە دەرەوەی وڵات و لەوبارەیەوە لیستێکی ئامادەکردووە. دەشڵێت، "لەدوای پرسی کۆرۆنا، بابەتەکە دەجوڵێنن."

عەبدولئەمیر میاحی، بڕیاردەری لیژنەی دەسپاکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان لیستێکی ئامادەکردووە کە ناوی کەسەکان و بڕی ئەو پارانەی تێدایە کە براونەتە دەرەوەی وڵات.

راشیگەیاند، "پارەیەکی زۆری عێراق لە دەرەوەی وڵاتە کە هەندێکیان لە پێش و هەندێکی دیکەیان لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ براونەتەدەرەوە. هاوکات، هەندێکیان بلۆککراون و هەندێکیشیان لە دەستی نائەمیندان."

باسی لەوەشکرد، کە پرسی کۆرۆنا بووەتە هۆکاری ئەوەی بەدواداچوونەکانی دەرەوەی وڵاتیان دوابکەوێت و پاش کۆتاییهاتنی کۆرۆنا، دەچن بەدوای لیستەکەدا و یەکلایی دەکەنەوە.

لەماوەی رابردوودا، یاسای دەستبەسەرداگرتنی پارەی گەندەڵی بەرپرسان لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ کرا کە تێیدا، لێپرسینەوە لە ھەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسیارێتییان ھەبووە لە پلەی بەڕێوبەری گشتی بۆ سەرەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو ماڵ و سامانەی ھەیانە بەقەدەر ئەو موچە و ئیمتیازە یاساییانەیە کە وەریانگرتووە.

لە حاڵەتێکدا سەروەت و سامانەکەیان زیاتربێت، ئەوا دادگا لەسەر داوای داواکاری گشتی یان دەستەی دەسپاکی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکات.