سەردێڕ:

پەنجا پەرلەمانتار و وەزیر بێ ئەوەی خانەنشین بن پاداشتی کۆتایی راژەیان وەرگرتووە

فۆتۆ: 
2020-07-02

6224 جار خوێندراوەتەوە

١٧ پەرلەمانتاری خولی ئێستا و پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ٣٣ وەزیری و سەرۆکی دەستەی کابینەی هەشتەم، پاداشتی کۆتایی راژەیان وەرگرتووە بە بێ ئەوەی خانەنشین کرابن.

ژمارەیەک پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە بۆ ئەم خولە دەرچونەتەوە یان ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقن، دەیان ملیۆن دیناریان وەک پاداشتی کۆتایی ڕاژە و خانەنشینی وەرگرتووە بێ ئەوەی خانەنشین بن، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.

١٧ پەرلەمانتار کە سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمان و خولی ئێستای تیادایە، یەکی ٤٨ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە و هی سەرۆکی پەرلەمانیش ٦٨ ملیۆن دینار بووە، بێ ئەوەی خانەنشین بن و ئێستاش لە پەرلەمانی کوردستان یان پەرلەمانی بەغدا پەرلەمانتارن. لەکاتێکدا بەپێی یاسایی خانەنشینی ئەوەی بوبێتەوە بە پەرلەمانتار ئەو پاداشتە نایگرێتەوە و پێویستە پارەکە بگەڕێنێتەوە بەڵام تا ئێستا کەس نەیگەڕاندووەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارانەی پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێننەوە بەهۆی ئەوەی بونەتەوە بە پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و بەرەی تورکمانی و سۆسیالیستن و هەندێکیان ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنن و دەڵێن دەستەبەرداری خانەنشینی بوون، بەڵام پاداشتی خانەنشنییەکەشیان وەرگرتووە. کە دیارترین ئەو پەرلەمانتارانە سەرۆک فراکسیۆنەکانی ئیستان، وەک  ئومێد خۆشناو و عەلی حەمە ساڵح و شێرکۆ جەودەت و ریواز فایەق.

ئەم پاداشتی کۆتایی ڕاژەیە، تەنها پەرلەمانتارانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو وەزیرەکانی کابینەی بەهەمان شێوەی پەرلەمانتاران پاداشتی کۆتایی ڕاژەیان وەرگرتووەو بەهەمان پلە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران خانەنشین کراون. کە ژمارەیان  بە سەرۆک وەزیران و جێگرەکەیی و وەزیر و سەرۆکی دەستەکانەوە ٣٣ کەس بووە.

لەڕۆژى یەکی تەموزەوە پەرلەمانتاران دەتوانن فۆرمی دەستەبەداربوون لە خانەنشینی پڕبکەنەوە، هەر چوار پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ وەک یەکەم پەرلەمانتار فۆرمەکەیان پڕکردەوەو دەستبەرداری خانەنشینییەکەیان بوون، واتە ڕێژەی ١٠٠%ی ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەستبەرداری خانەنشینییەکەیان بوون و وەک خۆیان دەڵێن کە یەکێک لە بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەیان بووە، بەڵام فراکسیۆنەکانی تر ڕێژەی دەستبەرداربوون لە خانەنشینی لە چەند پەرلەمانتارێکی کەمی خولی ئێستای تێنەپەڕاندووەو فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و کۆمەل و یەکگرتوو کەمترینن لەڕوی پڕکردنەوەی فۆرمی دەستبەرداربوون لە خانەنشینی کە  تا ئێستا هیچ پەرلەمانتارێکیان فۆرمەکەیان پڕ نەکردۆتەوە. گەر خولەکانی پێشووش ئەژمار بکرێت ئەوا زۆرینەی فراکسیۆنەکان بێجگە لە نەوەی نوێ، ڕێژەکە ناگاتە ٣%.

هەندێک لە پەرلەمانتارانی خولەکانی پێشووش کە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە، روبەروی ڕەخنەیەکی زۆر بونەتەوە، بەوەی کە هۆکاری رەتکردنەوەکە هاوڵاتیانی هەرێم و دژایەتی گەندەڵی نییە، بەڵکو موچەی ئێستا و خانەنشینی دواتریان لە پەرلەمانی عێراق دەیان ئەوەندەی موچەکەی هەرێمە.

عەبدولرەزاق شەریف کە بەرپرسی پێشووی میدیای بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە پۆستێکدا بۆ هەریەک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێستای عێراق یوسف محەمەد و بەهار مەحمود کە خانەنشینی پەرلەمانی کوردستانیان رەتکردەوە نوسیویەتی: ئێستا لە بەغدا لە وەزیفەدایە و موچەکەی سیانزە ئەوەندەی خانەنشینی پەرلەمانی کوردستانە و ئەڵێ لەبەرخاتری کورد خانەنشینی هەرێم رەتدەکەمەوە و بووە بە هەواڵیش.

لەگەڵ دەستپێکردنی بەردەست بونی فۆرمی دەستبەرداربوون لە خانەنشینی پەرلەمانتاری، بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە چیتر پێویست ناکات پەرلەمانتار و وەزیرانی ئێستا و خولەکانی پێشووی پەرلەمان باس لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بکەن، هەنگاوی یەکەم پێویستە بچن ئەو فۆرمە پڕبکەنەوەو دەستبەرداری خانەنشینییەکەیان بن، پێویستە تەنها ئەوانە قسە بکەن و گوێیان لێبگیرێت کە دەستبەرداری خانەنشینییەکەیان بوون.

لە ئێستاشدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ تاکە فراکسیۆنە لە نێو پەرلەماندا کە بە بریاری جوڵانەوەکە سەرجەم پەرلەمانتارەکانی فۆرمی دەستبەرداربوون لە خانەنشینیان پڕ کردۆتەوە و ئەوانەشی فۆرمەکەیان پڕ نەکردۆتەوە یاخود پێشتر لە کاتی پەسەندکردنی یاساکەدا دەنگیان دا بەو بڕگەیەی کە تایبەتە بە خانەنشینی، ئەوا جوڵانەوەکە لە ریزی خۆی دەریکردن، بەلام تا ئێستا هیچ هێز و لایەنێکی تر لێپرسینەوە لەو پەرلەمانتارانەی ناکات کە موچەی خانەنشینی رەت ناکەنەوە و فۆرمیان واژۆ نەکردوە.