سەردێڕ:

ترەمپ: سێ دەرمانی ئەمریکی کاندیدن بۆ بوونە ڤاکسینی کۆرۆنا

فۆتۆ: 
2020-07-02

10627 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سێ دەرمانی وڵاتەکەی کاندیدن بۆ بوونە ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا. دەشڵێت، "بە زووی ئەمریکا سەرکەوتووی ڤاکسینێک لە بەرامبەر کۆرۆنا رادەگەیەنێت."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "سێ دەرمانمان هەیە کە چاوەڕواندەکرێت ببنە ڤاکسین بۆ کۆرۆنا و هەرسێکیان دەرمانی چاکن."

راشیگەیاند، کە پێیانوایە بە زووی ئەو دەرمانانە دەبنە ڤاکسینێکی سەرکەوتوو و بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێن.

ئەم لێدوانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر فرانسیس کۆڵنز، سەرۆکی پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ تەندروستی رایگەیاند، کە ئەوان گەشبینن بەوەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بەردەست دەبێت.

سەرۆکی پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ تەندروستی راشیگەیاند، کە ئامانجەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە ئەنجام و لە سەرەتاکانی ٢٠٢١یشدا، ٣٠٠ ملیۆن دانە لە ڤاکسینەکە بەرهەمدەهێنرێت.

لە رووی رێژەی توشبوون بە کۆرۆناوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نزیکەی سێ ملیۆن حاڵەت لە پلەی یەکەمدایە.