سەردێڕ:

وەزیرى کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق: رێژەى هەژارى گەیشتووەتە ٣٤%

فۆتۆ: 
2020-07-02

2566 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق رایگەیاند، رێژەى هەژارى لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە لە ٣٤%.

عادل رکابی وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە رێژەى هەژارى لە عێراقدا لە ٢٢%ەوە بەرزبووەتەوە بۆ لە ٣٤% و ئەمەش گرفتى گەورەى بۆ کەرتى ئابورى و تەندروستى دروستکردووە.

ڕکابى راشیگەیاندووە، وەزارەتى کار دەیەوێت بەهاوکارى لایەنە نێودەوڵەتییەکان، و دابەشکردنى بڕێک پارە وەکو هاوکارى بەسەر هەژاراندا، چارەسەرێکى خێرا بۆ کەمکردنەوەى رێژەى هەژارى و بێکارى لە عێراقدا بدۆزێتەوە.

باسى لەوەشکردووە، پێویستە بەڕێککەوتن لەگەڵ بانکى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتى و کردنەوەى خولى فێرکارى پیشەیی و بەهاوکارى کۆمپانیا و کارگە ناوخۆییەکان، ئەو رێژە بەرزەى هەژارى و بێکارییە تێپەڕێنن و ژیانێکى شایستە بۆ هاوڵاتییانى عێراق دابین بکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و بێکاربوونى هاوڵاتیان، وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق لەڕێگەى پڕکردنەوەى فۆڕمێکى ئۆنلاینەوە هاوکارى دارایی بەسەر زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتى عێراقدا دابەشکرد، کە هەر تاکێکى ئەو خێزانانە بە بڕى ٣٠ هەزار دینار سودمەندبوون و بڕیاریشە ئەو هاوکارییە ماوەى سێ مانگ بخایەنێت.