سەردێڕ:

تەندروستیی عێراق لەبارەی هێنانی چارەسەری کۆرۆنا لە روسیاوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-07-02

19684 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی کۆرۆنایان لە روسیاوە هاوردە نەکردووە و لە ئێستادا حکومەت توێژینەوەی ورد لەسەر کوالێتی و نرخی دەرمانە روسییەکە دەکات.

حازم جەمیلی بریکاری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، "تا ئێستا هیچ چارەسەرێکمان بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە روسیاوە هاوردەنەکردووە، چونکە چارەسەرەکەی روسیا تایبەتمەند نییە بە چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا"، دەشڵێت، "پێشتر ئەو چارەسەرە بۆ جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆس بەکارهاتووە و ئێستاش لە روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنادا بەکاردەهێنرێت."  

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمە تەکنیکییەکانی حکومەت توێژینەوەی ورد لەسەر کوالێتی و نرخی چارەسەرە روسییەکە دەکەن، ئەوەش هاتووە، "لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە چارەسەری کۆرۆنامان پێگەیشتووە، کە لەوانەیە لە چارەسەرەکەی روسیا کاریگەرتربن."

ئاماژەی بەوەشکرد، لە روسیا چارەسەرەکە بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکارهێنراوە و ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا زانایان نەگەیشتون بە ئەنجامی کۆتای.

لە مانگی رابردوودا، بەرپرسانی تەندروستی روسیا ئەوەیان ئاشکراکرد، دەرمانی "ئاڤاڤیر"ی وڵاتەکەیان کە پێشتر بۆ جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆس بەکارهاتووە بە رێژەی ٩٠% لە چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا سەرکەوتوبووە.