سەردێڕ:

لە باڵەکایەتی بە تەقەی سوپای پاسداران ٣٠ سەر مەڕ کوژران

فۆتۆ: 
2020-07-02

7182 جار خوێندراوەتەوە

لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی سوپای پاسدارانی ئێران تەقەیان لە مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتیان کرد و بەو هۆیەوە ٣٠ سەر مەڕ کوژراون و ٢٠ سەر مەڕی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدۆ رۆستای پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران لە قوڵای پێنج کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێم ٣٠ سەر مەڕیان لەسنوری کوێستانەکانی وێزێ کوشتووە، دەشڵێت، "لەبەرە بەیانییەکی زوودا سوپای پاسداران بەشێوەی مەفرەزە هاتوونەتە ناوخاکی هەرێم و تەقەیان و لەخاوەن مەڕوماڵاتی کوێستانەکانی باڵەکایەتی کردووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی تەقەی سوپای پاسدارانەوە ٣٠ سەر مەڕ کوژراون و ٢٠ی تریش برینداربوون و خاوەنەکەشی داوا دەکات زیانەکانی قەرەبووبکرێتەوە.

لەو بارەیەوە، کرمانج عیزەت قائیمقامی سۆران رایگەیاند، ئاگاداری هاتنە پێشەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانن بۆ ناو خاکی هەرێم و سەرووی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە، داواش لە هاوڵاتیان دەکات دووربکەونەوە لە بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران.