سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواکەوتنی موچە ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2020-07-02

19227 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گۆڕینەوەی دراو هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچەیە و ئەو دەنگۆیانەشی باس لە دواکەوتنی موچە دەکەن راست نین.

عەدنان زورفی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای تەواوکردنی رێکارەکان وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی موچە دەکاتەوە."  

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی گۆڕینەوەی دراوەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە"، دەشڵێت، "رێگە نادەین موچە ٤٠ رۆژ جارێک دابەشبکرێت و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەینەوە کە لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە."

پێشتر، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی عەبدول ئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی جەختی لەوەکردەوە، کە موچەی فەرمانبەران بەبێ هیچ دواکەوتنێک دابەشبکرێت و پێویستە وەزارەتی دارایی کار لەسەر ئەو رێگەچارانە بکات کە لەبەردەستدان بۆ ئەوەی دابەشکردنی موچە دوانەکەوێت.

لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە عێراق توشی کەمی داهات بووەوە، بەوهۆیەوە پەرلەمانی عێراق بڕیاری قەرزی دەرەکی و ناوخۆی پەسەندکرد، تاوەکو دابەشکردنی موچە بێکێشە بەردەوام بێت.