سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی ئەو بوارانە دەخاتەڕوو کە حکومەت چاکسازییان تێدا ناکات

فۆتۆ: 
2020-07-02

15547 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە یاسای چاکسازی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام یاساکە زۆر بوار لە خۆناگرێت، کە پێویستە چاکسازیان تێدا بکرێت.

ئێن ئاڕ تی لەم راپۆرتەدا هەموو ئەو خاڵانە دەخاتە ڕوو، کە چاکسازیان تێدا دەکرێت و ئەوانەشی چاکسازییان تێدا ناکرێت.

با سەرەتا لەو خاڵانەوە دەستپێ بکەین کە حکومەتی هەرێم چاکسازیان تێداناکات و بە تەنیا یەک وشەش باسیان لێوەنەکراوە، کە دیارترینیان ئەمانەن:

١-حکومەت بە هیچ شێوەیەک باسی لە چاکسازی لە سێکتەری ئابوری و پارە و داهاتی کۆمپانیاکانى پارتی و یەکێتی نەکردوە کە لە ئیستادا تەنها پێنج کۆمپانیای ئەو دوو حیزبە خاوەنی سەروو ٤٠ ملیار دۆلارن، کە بەسە بۆ دانەوەی هەموو پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، یان پێدانی موچەی پێنج ساڵی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم.

٢-یاسای چاکسازی ئەو کۆمپانیایانەی دەروازە سنورییەکان ناگرێتەوە کە پارتی و یەکێتی دەستیان بەسەردا گرتوە و رۆژانە ملیۆنان دۆلار داهاتیانە، بەڵام داهاتەکە بۆ حیزب و بەرپرسانە، نەک بۆ خەزێنەی حکومەت و هاوڵاتییان.

٣-یاسای چاکسازی بەهیچ شێوەیەک باس لە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی گشتی ناکات کە ئێستا دراوە بە حیزب و بارەگای حیزبی و باخی بەرپرسان.

٤-یاسای چاکسازی بە هیچ شێوەیەک باس لە گێرانەوەی گرد و شاخەکانی کوردستان ناکات کە دراون بە بنەماڵە سیاسییەکان.

٥-یاسای چاکسازی باس لە گێڕانەوەی پارەی براوی هەرێم بۆ بانقەکانی دەرەوەی وڵات ناکات، کە لە ماوەی ٢٩ ساڵی رابردودا بەرپرسانی هەرێم بڕێکی زۆری پارەی هەرێمیان بردۆتە دەرەوەی وڵات.

٦-یاسای چاکسازی باس لە پێدانی موچە ناکات لە کاتی خۆیدا لە هەموو ٣٠ رۆژ جارێک.

٧-یاسای چاکسازی باس لە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ناکات بە پێی لێهاتویی خۆیان و ماندوبون و ساڵانی خزمەت.

٨-یاسای چاکسازی باس لە گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران ناکات.

٩-یاسای چاکسازی بە تەنها وشەیەکیش باس لە بنبڕکردنی گەندەڵی و رێکارە یاساییەکان بۆ روبەروبوونەوەی ئەو دۆسیەیە ناکات.

ئەمانە گرنگترین نۆ خاڵ بوون کە دەبوو لە هەرێمدا چاکسازی تێدا بکرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە یاساکەدا باسی لێوە نەکراوە.

 ئێستا با بزانین ئەو خاڵانەی چاکسازی کامانەن کە یاساکە باسی لێوە کردووە:

١-بڕینی دەرماڵەی بەشێک لە فەرمانبەرانی حکومەت.

٢- هەر پەرلەمانتارێک بۆی هەیە ئارەزومەندانە فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنیشینی پڕ بکاتەوە.

٣-خەرجی بەکاربردنی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان کەمبکرێتەوە

٤- هەڵوەشاندنەوەی خانەنیشینی بە پلەی وەزیر و بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار و وبەڕێوەبەری گشتی و هەر پلەیەکی ترى تایبەت بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە لە ڕێزی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بوون.

٥- ڕاگرتنی کۆکردنەوە لە نێوان ئیمتیازی تایبەت بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان زیندانی و ڕاگیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان .

٦- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بەخشین و ئیمتیازە داراییانەی کە خەرج دەکرێن بۆ ئەو کەسانەی کە بە ناوی چاودێری کۆمەڵاتی و خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندامان خۆیان تۆمارکردووە بەدەر لە یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان.