سەردێڕ:

لەبارەى هەڵکردنى ئاڵاى عێراق لە زاخۆ روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-07-01

112739 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرى ناحیەى باتیفا ڕایگەیاند، ئەو هێزەی ئاڵای عێراقیان هەڵکردووە لە عێراقەوە نەهاتوون بۆ سنورەکە، بەڵکو سەر بە هێزى پاسەوانى سنورى عێراقن.

دلشێر عەبدولستار بەڕێوەبەرى ناحیەى باتیفا بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، "ئەو هێزەی ئاڵای عێراقیان هەڵکردووە لە عێراقەوە نەهاتوون بۆ سنورەکە، بەڵکو سەر بە هێزى پاسەوانى سنورى عێراقن"، دەشڵێت، "ئەو هێزە پێشتریش ئەرکى پاراستنى سنورى زاخۆیان لە ئەستۆ بووە".

وتیشى، "بڵاوکردنەوەى ئەو هێزە لەو سنورە بۆ پاراستنى خەڵکى و ڕێگریکردنە لە زیاتر تێکچونى بارودۆخى ناوچەکە بەهۆى شەڕى نێوان پەکەکە و سوپاى تورکیا."   

هاوكات، پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، "لەپاش زیادبونى گرژییەکانى نێوان پەکەکە و سوپاى تورکیا هێزێکى فەرماندەى دهۆک بۆ سنورى ناحیەى دەرکارى گواستراونەتەوە و لە دەوروبەرى گوندى شەرانشى و چەند ناوچەیەکى دیکە جێگیرکراون".

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ، ١ی تەمموزی ٢٠٢٠، هێزە عێراقییەکان گەشتوونەتە ناوچە سنورییەکانی زاخۆ و لە سەر شاخەکانی دێرێ و شەهبانیێ ئاڵای عێراقیان هەڵکردووە.