سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی: توشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیلەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-06-06

8333 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، توشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا ٩٣ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە و ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمدا گەیشتە هەزار و ١٨٢ کەس.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، پیاوێکی توشبووی کۆرۆنا کە تەمەنی ٥٥ ساڵ بووە و دانیشتووی ناوچەی تاسلوجەی سنوری پارێزگای سلێمانی بووە، دوای خەواندن و مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە نەکراوە کە نەخۆشی دیکەی هەبووە یان نا.

شەوی رابردووش لە سنوری پارێزگای سلێمانی ٦٦ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا، کە ١٣ توشبوویان بەرکەتووی تووشبووانی پێشوون، ئەوانی دیکەش نیشانەی نەخۆشییەکەیان هەبووە.

هاوکات لە گەرمیان ٢٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە دوو توشبوویان پزیشك و کارمەندی تەندروستین، لە دهۆکیش سێ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکران، هەروەها لە ئیدارەی راپەڕین، چوار توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەستنیشانکراون.

بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا هەزار و ١٩٥ کەس لە هەرێمدا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٢٠ هەڵگری ڤایرۆسەکەش گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە، ٤٤٨ توشبووش چاکبوونەتەوە.