سەردێڕ:

​حکومەت: لە سبەینێوە دەوامی فەرمانگەکان دەستپێدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-06-06

9159 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە سبەینێوە دەوامی فەرمی لە دامودەزگاکانی هەرێم بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە دەستپێدەکاتەوە و رۆژانە ٪٣٠ی فەرمانبەران دەوامدەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٧ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠، ده‌وامی فه‌رمی له‌ داموده‌زگا‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ میكانیزمی پابه‌ندبوون بە رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌."

ئاماژەی بەوەشكردووە، "وه‌زاره‌ت، ده‌سته‌ و فه‌رمانگه‌ نه‌به‌ستراوه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت پابەند دەبن بە دەوامپێکردنی تەنها ڕێژەی ٣٠٪  فه‌رمانبه‌ران وبەشێوەیەکی تەناوب."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "له‌ وه‌زاره‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیش رێوشوێنی ته‌ندروستی بۆ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان و سه‌رلێده‌ران ده‌گرێته‌به‌ر كه‌ به‌ بێ به‌ریه‌ك كه‌وتن و رۆتین مامه‌ڵه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم، لە ٣١ی ئایاردا وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆی تەواو و راگرتنی دەوامی فەرمانگەکانی تا ٦ی حوزەیران لە هەرێمدا راگەیاند، پاش ئەوەی نارەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و قەدەغەی هاتوچۆ لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ٢ی حوزەیراندا هەڵگیرا، بەڵام دەوامی فەرمانگەکان نەکرایەوە.