سەردێڕ:

ئێران لەبارەی ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکی داوای روونکردنەوە لە عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2020-06-06

2888 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەماهەنگی پێویست کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لەناو کەشتییە بارهەڵگرەکەدا رزگاریان بووە، لەگەڵ گەڕانەوەی تەرمی ئەو کەسەی لەو رووداوەدا گیانیلەدەستداوە.

ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردووتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران و  کونسوڵخانەی ئێران لە بەسڕە هەماهەنگیان لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیداری عێراقدا کردووە لەبارەی تیمی کەشتییە ئێرانییەکە و هۆکاری ژێرئاوکەوتنی، لەوبارەیەوە داوای راپۆرتی فەرمی لە بەغدا کراوە.

ئەوەش هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەناو کەشتی بارهەڵگری ئێرانی "بەهبەهان"دا بوون، حەوت کەس بوون و تائێستا کەسێک گیانیلەدەستداوە و چواری دیکە رزگارکراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوو کەس لە تیمی کەشتییەکە لە رووداوەکەدا ون بوون، کە یەکێکیان ئێرانییە و ئەوەی دیکەیان هیندییە.

روونیشکراوەتەوە، تیمی کەشتی "ناجی ١٧"ی ئێران بۆ فریاگوزاری و رزگارکردن رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراوە بەمەبەستی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی و تیمەکە هەڵمەتی گەڕانیان لە شوێنی رووداوەکە دەستپێکردووە.

رۆژی ٢ی ئەم مانگە، کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی بەناوی "بەهبەهان" لە بەندەری خورمشەهرەوە بەرەو بەندەری ئوم قەسری عێراق بەڕێکەوت، کە نزیکەی ٨٥٠ تۆن کەولوپەلی بیناسازی و سیرامیکی بارکردبوو و ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە کەناڵی ئاوی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عێراق و کوێت لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا ژێرئاوکەوت.