سەردێڕ:

کۆیە.. خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیان دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2020-06-05

6022 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی خراپی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانی بەشێک لەهاوڵاتیانی شاری کۆیە دەستیپێکرد.

بە مەبەستى نارەزایی دەربڕین لە دۆخى خزمەتگوزاری و نەبوونى هەلی کار لە شارەکەیان، بەشێک لە گەنجانى شارى کۆیە گردبوونەوەیەکیان کرد، داواشیان لە خەڵک بەشدارى خۆپیشاندان و نارەزاییەکانیان بکەن.

ئەو خۆپیشاندەرانە کە زۆرینەیان خەڵکى گەنج بوون، داوایان دەکرد ئاوڕ لە شارەکانیان بدرێتەوە و و هەلی کار لە شارەکەش برەخسێنرێت کە بەوتەى بەشێکیان گەنجانى شارەکە زۆبەیان بێکارن و بەشێکى دیکەشیان داوایان دەکرد حکومەت موچەى فەرمانبەران خەرج بکات.

خۆپیشاندەرێکیش سەرسوڕمانى خۆى لە وتەى سەرۆکى حکومەت دەربڕى بەوەی کە حکومەت قەرزارە و رایگەیاند، بۆچى حکومەت قەرزارە لە کاتێکدا نە موچەی خەڵک دەدرێت و نە خزمەتگوزارییەکانى وەک ئاو و کارەباى هەیە.

هاوکات قایمقامى قەزاى کۆیە چووە ناو خۆپیشاندانەکەوە و رایگەیاند، ئەوان گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرن و پشتیوانیشیان لێدەکەن و ئەو داواکاریانە چ نوسراو بن یان زارەکى بۆ سەرووخۆیان بەرزییان دەکەنەوە.  

ماوەى چەند رۆژێکە لە چەند شار و شارۆچکەیەکى هەرێمى کوردستان هاوڵاتیان گردبوونەوەى نارەزایی دەکەن و بەشێکیان داواى خزمەت گوزارى و هەلیکار دەکەن، بەشێکیشیان پێیان وایە حکومەت هیچ کاریکى لەتوانادا نەماوە و پێویستە هەڵوەشێتەوە و حکومەتێکى دیکە پێکبهێنرێت.

خالید محەمەد، کۆیە