سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم: موچەی پلەباڵا و تایبەتەکان کەمدەکرێنەوە

فۆتۆ: 
2020-06-03

11243 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەپێی وەزارەتەکان داتاکانی هەرێم ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت. دەشڵێت، "موچەی پلە باڵا و تایبەتەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکرێنەوە."

جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێستا لەسەر ئاستى وەزارەتەکان لە قۆناغى ئامادەکارى داتاکانداین بۆئەوەى لەگەڵ بەغدا دابنیشین و ئەو داتایانە بخەینە بەردەمیان."

باسی لەوەشکرد، "بڕیاردراوە موچەى پلە تایبەتەکان کەمبکرێتەوە و بەوەش، جیاوازى موچە تایبەت و پلەباڵاکان و فەرمانبەرانى دیکە نزیکدەبێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا تاوتوێی ئەوەکراوە کە حکومەتی هەرێم چۆن گفتۆگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و لە چەند رۆژى داهاتووشدا، لە نێوان عیراق و ئەمریکا گفتوگۆی ڕێککەوتنى ستراتیژى دەستپێدەکات، بۆ بەشدارى ئەو کۆبوونەوەیەش وەفدى هەرێمى کوردستان بەشدارى دەکات.

لەبارەی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمیشەوە رایگەیاند، "راپۆرتێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادە دەکرێت و دەنێردرێتە پەرلەمان و دواتر بۆ خەڵک ڕوون دەکرێتەوە."

لەماوەی رابردوودا، چەند جارێک شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەشەبودجەی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، هاوکات، لەگەڵ دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق رایگەیاند، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم بەغدا دەدات.