سەردێڕ:

قائیمقامى هەولێر لەبارەى هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆ روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-06-03

14704 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامى هەولێر ڕایگەیاند، "لە کاتژمیر ٦ ى ئێوارەى ئەمڕۆوە دۆخى هەولێر و دەورو بەرى لە ژێر چاودێرى ورددا وەک پێش ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە، نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامى هەولێر بە ئێن ئاڕتى ڕاگەیاند، "جگە لەو شوێنانەى کە پێش ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ ڕێگە بە کرانەوەیان نەدرابوو وەک مەلەوانگە و هۆڵەکانى بوک گواستنەوە و هۆڵە وەرزشیەکان و ئەو شوێنە گشتیانەى کە نێرگەلەى تێدا دەکێشرێت، و هۆڵى تایبەت بە پرسەکان، لە کاتژمێر ٦ ى ئێوارەى ئەمڕۆوە دۆخى هەولێر و دەورو بەرى لە ژێر چاودێرى ورددا وەک پێش ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە."

ئاماژەى بەوەشکرد، "لیژنەکان ڕاسپێردراون تا بە بەردەوامى چاودێریکرى بازاڕ بكەن و هەرکەسیش سەرپێچى بکات سزاى توند دەدرێن و ڕێگەیان پێنادرێت چیتر کاربکەن."

ئەوەشى خستەڕوو، "هەموو ئاسانکارییەکان بۆ کردنەوەى بازاڕەکان و مۆڵەکان دەبێت بە مەرجى ئەوەبێت پابەندى سەرجەم ڕێنماییەکانى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان بن."

دوێنێ سێشەممە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "خەڵک وەک پێویست پابەندنەبووە بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەشڵێت، لە ئەمڕۆوە ئاسانکاری بۆ ژیانی هاوڵاتیان دەکرێت."