سەردێڕ:

پارێزگای سلێمانی: لە پرسی لامەرکەزییەتدا مەبەستمان دابەشکردنی دەسەڵاتە

فۆتۆ: 
2020-06-03

6105 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، کاتێک باسی لامەرکەزییەت دەکەین مەبەستمان لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکاندا لە پارێزگاکانی دیکەدا و ئێمە مەبەستمان لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرزان محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێمە کە باسی لامەرکەزییەت دەکەین، مەبەستمان لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکاندا لە پارێزگاکانی دیکەدا و ئێمە مەبەستمان لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان نییە"، دەشڵێت، "یاساى ژمارە سێی پارێزگاکان باس لە لامەرکەزیەت دەکات و تەنها ئەوەیە یاساکە بەرکاربێت و کۆمەڵێک بڕگەشی تیایە پێویستە هەمواربکرێنەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لەم پرۆژەیاسایەدا کەسانى پسپۆڕ بەشدارن کە لە بوارى لامەرکەزیەتدا پسپۆڕیان هەبووە".

باسی لەوەشکرد، "ئێمە پرۆژەکەمان ئەنێرین بۆ ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانى کوردستان، لەوێش دووبارە پێویستى بە کۆدەنگى سیاسى هەیە لەلایەن ئەو لایەنانەى کە حکومەتیان دروستکردووە یان لە پەرلەماندا بەشدارن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢٧ی نیسانی ئەمساڵدا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم فراکسیۆنەکان هاوڕان لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای لامەرکەزیەت و ئەو یاسایەش شەفافیەت لە بارەی داهاتی حکومەتی هەرێم دروستدەکات.

پڕۆژەی لامەرکەزی ئیداری و دارایی لەمادەکانی دوو و پێنجی یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٠٩ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە بە مەبەستی دابەزاندنی دەسەڵاتەکان لە ناوەندەوە بۆ خوارەوە.