سەردێڕ:

پەروەردە: لە ساڵی نوێی خوێندندا قەرەبووی وانە نەخوێندراوەکان دەکرێتەوە

فۆتۆ: 
2020-06-03

76654 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی کوالێتی خوێندن، پلان دادەنرێت ئەو بابەتانەی بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە خوێندگا و پەیمانگاکاندا نەخوێندراون، لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا قەرەبوویان بکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، "بە مەبەستی پاراستنی کوالێتی خوێندن و فرێربوونی قوتابیان لە پرۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ و چۆنێتی قەرەبووکردنەوەی قوتابیان و خوێندکاران، بۆ ئەو بابەتانەی کە بەهۆی سیاسەتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندندا نەتوانراوە سوودیان لێوەربگیرێت، لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ قەرەبووی قوتابیان و خوێندکارانی (بنەڕەتی و ئامادەیی و پەیمانگاکان) بکرێتەوە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارەکان رادەسپێرین بە سوودوەرگرتن لە دید و پێشنیازی سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە، پلان و میکانیزمی گونجاو تا رێکەوتی ١ی ئابی ٢٠٢٠ پێشکەشبکەن بە جۆرێک لەگەڵ پلانی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ گونجاوبێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢٨ی شوباتەوە بەهۆی رێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەوامی سەرجەم خوێندگا و پەیمانگاکان لە هەرێمدا راگیراوە و لە ٢٤ی ئایاریشدا وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، لە قۆناغی یەکی بنەڕەتی هەتا ٣ی بنەڕەتی بە دەرچوو هەژماردەکرێن و لە قۆناغی ٤ی بنەڕەتی هەتا ١١ی ئامادەیی و ١٠ و ١١ی ئامادەیی پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی و پەیمانگاکان لە قۆناغی ١ تا ٤ دەرئەنجامی وەرزی یەکەمیان بۆ هەژماردەکرێت.