سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم: لە ٧ی مانگەوە فەرمانگەکان بە رێکاری نوێوە دەوام دەکەن

فۆتۆ: 
2020-06-03

15515 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان کەمترین فەرمانبەر تا ٦ی مانگ کاردەکەن و لە دوای ئەو رێکەوتەشەوە رێکاری دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە دەگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتیان، دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە دەوامپێکردنی کەمترین فەرمانبەرانی تا رۆژی ٢٠٢٠/٦/٦."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای ئەم رێکەوتە، رێکاری دیکە بە پشت بەستن بە هەڵسەنگاندنی رێنماییه‌كانی وەزارەتی تەندروستی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگرێتەبەر."

لە درەنگانی شەوی ٣١ی ئایاردا، حکومەتی هەرێم بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی تەواوی لە سەرجەم شارەکانی هەرێمدا راگەیاند و دەوامی لە گشت یەک لە دامودەزگا حکومییەکاندا راگرت، ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و کاسبکارانی لێکەوتەوە و بەوهۆیەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاوڵاتیان لە چەند شارێکی هەرێم بەڕێوەچوو.

دوای ناڕەزایەتی هاوڵاتیانیش، بڕیاردرا بە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆوە، بەڵام دەوامی فەرمانگەکان هەتا ٧ی حوزەیران دەستپێناکاتەوە.