سەردێڕ:

سلێمانی.. هێزە ئەمنییەکان هێرشیانکردە سەر تیمێکی ئێن ئاڕ تی

فۆتۆ: 
2020-06-02

15272 جار خوێندراوەتەوە

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم قائیمقامیەتی سلێمانیدا، هێزە ئەمنییەکان هێرشیانکردە سەر پەیامنێر و وێنەگرێکى ئێن ئاڕ تى و کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان لێوەرگرتن.

ئیحسان سابیر، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان لە بەردەم قائیمقامیەتی سلێمانی و لە کاتی رووماڵی خۆپیشاندانەکاندا، هێرشیانکردەسەر خۆم و وێنەگرەکەم و نەیانهێشت لە رووماڵ بەردەوامبین."

راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەیە و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا هەیە و هێزە ئەمنییەکان رێگری لە روماڵکردنی میدیاکان دەکەن.

باسی لەوەشکرد، وێنەگرێکی ئێن ئاڕ تیش روبەروی لێدان بووەتەوە و ئازارێکی زۆر بە قاچی  گەیشتووە و دەستبەسەر کامێراکانیشدا گیراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، "لەبەردەم قائیمقامییەتی سلێمانیدا، هێزی چالاکییە مەدەنییەکان، پۆلیس، فریاکەوتن و ئاسایشیش بوونی هەیە و ئەوەی کە کەلوپەلەکانیان لە ئێمە وەرگرت هێزی ئاسایش بوو".

ئەمڕۆ بەهۆی نیگەرانی هاوڵاتیانەوە لە بڕیارەکان سەبارەت بە رێکارەکانی کۆرۆنا، بەشێک لە هاوڵاتیان لەبەردەم قائیمقامیەتی سلێمانی گردبوونەوە و هاوکات، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چووە ناو خۆپیشاندەرانەوە و رایگەیاند، "خۆپیشاندانی ئەمڕۆ بۆ کردنەوەی بازاڕە، بەڵام خۆپیشاندانی داهاتوو بۆ داوای گەورەترە و وەکو هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵ ئێوە دەبم".