سەردێڕ:

سلێمانی.. شاسوار عەبدولواحید چووە ناو خۆپیشاندەرانەوە

فۆتۆ: 
2020-06-02

45641 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید چووە ناو خۆپیشاندەرانەوە رایگەیاند، "سوپاسی ئەو خەڵکە ئازایانە دەکەم کە بەم گەرمایایە بەشداری خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانیان کردووە." دەشڵێت، "پێم عەیبە لەماڵەوە سەیرى ئێوە بکەم، دەبێ خۆم لێرە بم."

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ناو خۆپیشاندەرانی سلێمانییەوە رایگەیاند، "دەبێ هەرچى حزب و لایەنە پشتیوانى ئێوە بکات، حزبەکان لەماڵەوە سەیرى ئێوە دەکەن بۆیە ئێوە مافى خۆتان وەرناگرن." دەشڵێت، "یەک بەڵێنتان دەدەمێ، یان لەگەڵ ئێوە ئەم وڵاتە دەگۆڕین، یان لەگەڵ ئێوە دەمرم."

ئەوەی خستەڕوو، "ئەم خۆپیشاندانانە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان و جەماوەرە و هێزی میللەت زۆر لە هێزی چەک بەهێزترە، ئەگەر بەهێزی چەک شەڕبکەین کوڕی فەقیر دەدەین بەکوشت، دەبێت بە هێزێک شەڕبکەین کە ئەوان لێی نازانن، کە هێزی جەماوەرە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆپیشاندانی ئەمڕۆ بۆ کردنەوەی بازاڕە بەڵام خۆپیشاندانی داهاتوو بۆ داوای گەورەترە و وەکو هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵ ئێوە دەبم".

دەشڵێت، "وەکو هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵ ئێوە دەبم و وەکو هێزێکی سیاسی پێم شەرمە لە ماڵەوە بم."

پاش راگەیاندنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ١ی حوزەیرانەوە بۆ ٦ی حوزەیران لە هەرێمدا، ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆوە هاوڵاتیان لە چەند شار و ناوچەیەکی هەرێم گردبوونەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لە هەریەکە لە سلێمانی و هەڵەبجە و دەربەندیخان و رانیە و کەلار و چەند ناوچەیەکی دیکە بەشێکی کاسبکاران گردبوونەوە و داوای کردنەوەی دوکان و بازاڕەکانیان دەکرد.