سەردێڕ:

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: داوای درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوی هاتوچۆ ناكه‌ین

فۆتۆ: 
2020-06-02

25471 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا داوای درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ ناکەن و دەشڵێت، "ئەم دۆخە بە قەدەغەی هاتوچۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێت."

ئەمڕۆ سێشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "نه‌ له‌ ئێستا نه‌ له‌ ئاینده‌ داوای درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ دوای ٦ی حوزەیرانەوە ناكه‌ین، چونكه‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت، به‌ڵكو به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن له‌لایه‌ن داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان و هاوکاری هه‌موو لایه‌ك بۆ هۆشیاری ته‌ندروستی، تا ئاستی خۆپارێزی خه‌ڵك به‌هێزبێت، چونکە ئەو دۆخە بەو شێوەیە تێپەڕدەبێت نەک بە قەدەغەی هاتوچۆ."

ئاماژەی بەوەشكردووە، "ڕه‌وایه‌تی ناده‌ین به‌وه‌ی كه‌ ململانێ و هیچ ئه‌جێندایه‌كی سیاسی تێكه‌ڵ به‌م بارودۆخه‌ ته‌ندروستییه ‌بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حاڵه‌تێكی گه‌شه‌ و گره‌نتی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌یه‌ جدیه‌تی هاوڵاتیانه‌ له‌ دۆخه‌كه‌ و‌ تێگه‌یشتنی ته‌واویانه‌ له‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ كه‌ بڵاوبووەته‌وه‌، لەگەڵ پابه‌ندبوونی پێویستیان‌ به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌"، دەشڵێت، "تا ئێستا نه‌ به‌فەرمی و نه‌ به‌ نافەرمی سه‌ركه‌وتنمان به‌سه‌ر كۆرۆنادا له‌سلێمانی ڕانه‌گه‌یاندووه‌."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بڕوای ئێمه‌ و پلانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و ڕۆشنبیره‌كان پشتیوانمان بن له‌وه‌ی كه‌ هۆشیاری ته‌ندروستی و ئاستی خۆپارێزی خه‌ڵك به‌هێزبێت، خه‌ڵك خۆی ببێت به‌ پزیشكی خۆی و ببێت به‌ ئاسایشی پاراستنی گیانی خۆی."

لە درەنگانی شەوی ٣١ی ئایاردا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ماوەی پێنج ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی تەواوی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە ١ی حوزەیران تا ٦ی حوزەیران لە هەرێمدا راگەیاند، ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و بەو هۆیەوە گردبوونەوە لە چەند شارێکی هەرێمدا بەڕێوەچوو و سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لە چەند ناوچەیەکی هەرێم کاسبکاران دوکان و بازاڕەکانیان کردەوە.