سەردێڕ:

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق: دەروازەکان لەگەڵ ئێراندا ناکرێنەوە

فۆتۆ: 
2020-06-02

3005 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ کردنەوەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران.

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "دەروازە سنورییەکانی نێوان عێراق و ئێران وەک رێکاری خۆپارێزی و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخراون و هیچ بڕیارێک بۆ کردنەوەیان نییە".

لەو بارەیەوە عەلائەدین قەیسی وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەکان ئاماژەی بەوەکردووە، "ئاژانسی فارس هەواڵێکی لەبارەی ئەوە بڵاوکردووەتەوە کە ئێران پلان دادەنێت بۆ دەستپێکردنەوەی سەردانی شوێنە ئایینییە پیرۆزەکان لە عێراق، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران و کوێت بە تەواوەتی بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی گەشتیار داخراوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەم داخستنە تا کاتێکی نادیار بەردەوامدەبێت و بەپێی راپۆرتە تەندروستییەکان کار بۆ کردنەوەی دەروازەکان دەکەین".

حکومەتی عێراق بۆ رێگرییکردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتەبەر کە لەوانەش وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنورییەکان بوو.