سەردێڕ:

هەڤاڵ ئەبوبەکر: قەدەغەی هاتوچۆ چارسەر نییە و دەبێت خۆمان بپارێزین

فۆتۆ: 
2020-06-02

23934 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند، "پێویستە هاوڵاتیان خۆیان خۆیان بپارێزن، چونکە قەدەغەی هاتوچۆ لە پێناو ئەوەیە ژمارەی توشبوان زیاتر نەکات، دەشڵێت، قەدەغەکردنی هاتوچۆ چارسەر نییە، بەڵکو دەبێت خۆپارێزی پەیڕەوبکەین."

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەمیانى بەشداریکردنى لە بەرنامەی تاوتوێى ئێن ئار تىدا ڕایگەیاند، "شەش ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ خەمخۆرییە بۆ ژیان و گیانی هاوڵاتیان و قەدەغەی هاتوچۆش ناتوانێت چارەسەری ئەم دۆخە بکات، بەڵکو توشبوون دوا دەخات."

دەشڵێت، "مەترسی کۆرۆنا جدییە و قەدەغەی هاتوچۆ لە پێناو لابردنی بەرپرسیارێتی دابەشکردنی موچه نییە لەسەر حکومەت و کاریگەرییەکانی کۆرناش بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت و ناتوانرێت ژیان ئاسایی بکرێتەوە."

ئاماژەى بەوەشکرد، "هاوڵاتیان متمانەیان با دامودەزگاکانی تەندروستی نەماوە و ئێستا ناهێڵن سەمپڵیان لێوربگیرێت بۆ تێست و لە تا ئەم دەقەیە نەمانوتووە لە سلێمانى بە سەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا سەرکەوتوین."

وتیشى، "ئێمە بەتەنها ناتوانین دەروازە سنورییەکان دابخەین، بەڵکو دەبێت رەزامەندی ئێرانیشمان هەبێت، گەر سنورەکان دابخەین خۆراک و پێداویستی هاوڵاتیان لە بازاڕدا نامێنێت."

دەشڵێت، "ئیمە تەنها شوێنی۲٥۰  نەخۆشمان هەیە لە سلێمانی لەگەڵ ٦٥ ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و هەر هاوڵاتییەکیش رێپێدراو نەبێت هاتوچۆ بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت."

لە کۆتایشدا ئاماژەى بەوەکرد، "تا ئێستا ۳۳ هەزار سەلەی خۆراکمان بۆ کەسانی کەمدەرامەتی سنوری پارێزگای سلێمانی دابینکردووە."

شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، بۆ ماوەی شەش ڕۆژ و لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ١ی حوزەیرانەوە هەتا کاتژمێر ١٢ی شەوی ٦ی حوزەیران، قەدەغەی هاتوچۆی تەواو لە هەرێمدا جێبەجێدەکرێت.