سەردێڕ:

هەرێم.. بەشێک لە هاوڵاتیان و کاسبکاران گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-06-01

15858 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕانیە و قەڵادزێ و دەربەندیخان، دژی قەدەغەی هاتوچۆ خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیان و کاسبکاران بەڕێوەچوو.

بەشێک لە هاوڵاتیانی دەربەندیخان دژی ڕێكارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ گردبوونەوە و چوونە بەردەم قائیمقامیەتی قەزاکە و داوادەکەن بۆ کاری هاوڵاتیان ئاسانکاری بکرێت.

چەند هاوڵاتییەک کە بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کردووە، باس لەوەدەکەن کە دۆخی داراییان خراپە و ناتوانن لەم دۆخەدا لە ماڵەوە بمێننەوە و حکومەتیش هیچ هاوکارییەکی هاوڵاتیانی نەکردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە هاوڵاتیانی رانیە دژی ڕێكارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ گردبوونەوە و داوای ئەوە دەکەن ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

هاوکات، مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە ناو خۆپیشاندەرانی رانیە ئاماژەی بەوەکرد، "هیوادارم خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی هێمنانە بەردەوامی پێبدرێت و هاوڵاتیان بە ژن و منداڵ و سەرجەم چین و توێژەکانەوە بێنە سەرشەقام و داوای مافی خۆمان بکەین".

لەلایەکی دیکەوە، لە قەزای قەڵادزێش بەشێک لە هاوڵاتیان و کاسبکاران گردبوونەتەوە و داوادەکەن لە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆدا ئاسانکارییان بۆ بکرێت و دوکان و شوێنەکانیان بکەنەوە.

شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ ١ی حوزەیرانەوە تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە دەبێت.