سەردێڕ:

پۆلیسی تەقتەق: چوار کەس لە بیرێکدا خنکان

فۆتۆ: 
2020-06-01

12220 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی تەقتەق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی مخەڕەسی سەر بە شارۆچکەی تەق تەق لە کاتی کارکردن لە بیرێکدا چوار ئەندامی خێزانێک خنکان.

ئەمڕۆ دووشەممە، هەرێم دڵشاد لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەقتەق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوێکی خنکان، چوونەتە شوێنی رووداوەکە کە چوار هاوڵاتی لە بیرێکدا خنکاون."

ئاماژەی بەوەشكرد، "بەپێی لێکۆڵینەوەکەیان ڕووداوەکە بەهۆی نەمانی ئۆکسجیندا بووە لە بیرەکەدا، کە بووەتە هۆی خنکانی ئەو چوار هاوڵاتیە"، باسی لەوەشكرد، "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامی هەیە و ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە کوڕ و باوکێک و برازایەک و کەسێکی دیکەیە."

لەو بارەیەوە، هاوکارعلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی کۆیە بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند، "لە ئێستادا تەنها تەرمی یەکێک لە خنکاوەکان هێنراوەتە پزیشکی دادوەری کۆیە و دوای هەوڵدانی زۆر توانراوە تەرمی سێ کەسەکەی دیکەش لە ژێر بیرەکەدا دەبربهێنرێت و پاشان تەرمەکانیان بەرەو پزیشکی دادوەری ببرێت."

خالید محمد، کۆیە