سەردێڕ:

هەرێم.. قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی راگەیەنرا

فۆتۆ: 
2020-06-01

231319 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ ١ی حوزەیرانەوە تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە دەبێت لە هەموو هەرێمی کوردستاندا.

دەقی بڕیارەکان:

١. راگرتنی ھاتوچۆ بە شێوەیەکی تەواو لە گشت پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان لە ٣١/٥/٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو تا ٦/٦/٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو، ھەرکەسێک سەرپێچی بکات بەپێی بەیانی ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٢٠ سزادەدرێت.

٢. راگرتنی ھاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبیل بە شێوەیەکی تەواو لەناو گشت ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان لە ١/٦/٢٠٢٠ کاتژمێر ٦ی ئێوارە تا ٦/٦/٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو، ھەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات بەپێی بەیانی ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٢٠ سزادەدرێت و ھەر پیادەیەک سەرپێچی بکات بەپێی ماددەی ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

٣. راگرتنی دەوامی فەرمی لە گشت فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ماوەی کە لە بڕگەی 1ی سەرەوە دیاری کراوە جگە لە وەزیرەکان و ستافی نووسینگەکان.

٤. گشت ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتیان رێگەپێدراون بۆ ئەو ماوەی کە لە بڕگەی ٢ی سەرەوە دیاری کراوە دادەخرێن جگە لە دەرمانخانە و ئێشکگر کراوە دەبێت و نانەواخانەکان تەنیا لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ١٢ی نیوەڕۆ دەکرێنەوە و پێویستە نان بە دیلیڤەری بگەیێندرێتەوە هاوڵاتیان و نابێت لە نانەواخانەکان نان بە هاوڵاتیان بفرۆشێت و هەر نانەواخانەیەک سەرپێچی بکات لە رێگای ژووری ئۆپەراسیۆنەکان رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

 ٥. رێگە دەدرێت بە هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان و ئەو فەرمانگانەی لە ئەرکدان.

 ٦. رێگا دەدرێت بە کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن لەو ماوەی کە لە بڕگەی 1ی سەرەوە دیاریکراوە کاری راگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن، بەمەرجێک پشتگیری ئەو رۆژەیان پێبێت لەو دەزگایانە کە کاری لێدەکەن.

 ٧. عەلوەکان دەکرێنەوە بۆ ساخکردنەوەی بەروبومی کشتوکاڵی و رێگادەدرێت بە فرۆشتنی سەوزە و میوە بە ئۆتۆتۆمبێل لەناو گەڕەکەکان بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.

٨. راگرتنی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلکترۆنی لە ١/٦/٢٢٠ تا ٦/٦/٢٢٠ کاتژمێر ٨ی بەیانی.

٩. دەروازە سنورییەکانی (پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران، ئیبراھیم خەلیل، سەیرزێری، سەیران بەن، کێلێ، تەوێڵە، پشتە، شوشمێ) و ھەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی بەرووی گەشتیاراندا دادەخرێت تا ٦/٦/٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو.

١٠. ئاڵوگۆری بازرگانی لە دەروازە سنورییەکان و نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوام دەبێت بەپێی ئەو رێنماییانەی کە پێشر بریاری لەسەر دراوە، جگە لە (دەروازەی سنوری باشماخ) کە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر دادەخرێت بە مەبەستی رێکخستنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لەو دەروازە سنورییە.

١١. گشت شوێنە ئاینییەکان و  پەرستگاکان دادەخرێن و لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی ئەم برگەیە و ھەر کەسێک سەرپێچی بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

١٢. ھەر کەس و لایەنێک لە رێگای سۆشیاڵ میدیا و دەزگاکانی رگەیاندن لێدوان دژی رێکارەکانی خۆپاراستن بدات لەرێی داوقکاری گشتییەوە رێکارێ یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

١٣. ژوری ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە قەزا و ناحییەکان رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەیانە و ھەر کەمتەرخەمییەک بنوێنرێت رێکری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

١٤. ئەم بەیانە لە کاژێر ١٢ی شەوی ٣١ی ٥ی ٢٠٢٠ەوە جێبەجێدەکرێت.