سەردێڕ:

وتەبێژى حکومەت: ئامادەکاریی بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى دوو دەکەین

فۆتۆ: 
2020-05-31

151167 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، داهاتى هەرێم زیاتر لە سەدا ٨٠ کەمیکردووە و بۆ موچەى مانگى یەک حکومەتى هەرێم قەرزیکردووە، لە ئێستاشدا ئاماکاریدەکەن بۆ موچەى مانگى دوو.

لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، حکومەتى هەرێم پابەندە بە رێکەوتنەکانى لەگەڵ حکومەتى بەغدا و هەرکات حکومەتى ناوەند و هەرێم ئامادەى گفتوگۆ بن شاندى هەرێم دەچێتە بەغدا.

لەسەر قەدەغەى هاتوچۆش، جوتیار عادل باسی لەوەکرد، بارودۆخى هەرێم لە رووى پەتا کۆرۆناوە زۆر خراپە و ئەوان لەسەر راپۆرتى وەزارەتى تەندروستیى بڕیارى لەسەر دەدەن.

باسى لەوەشکرد، لەو ٢٠٠ هەزار خێزانە کەمدەرامەتەى لە هەرێم دیاریکراون، سەلەى خۆراک گەیەنراوەتە ٩٩ هەزار خێزان و بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاریشیان بۆ کڕینى خۆراک خەرجکردووە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا بەغدا پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرت، دوای سەردانی دوو شاندی هەرێم بۆ بەغدا و گەڕانەوەیان بەبێ هیچ رێککەوتنێک، لە ٢٢ی ئەم مانگەدا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە کرد و دواتر ٢٩ی ئەم مانگەدا، بەغدا ٤٠٠ ملیار دینارەکەی خستەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم.