سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم: هەرکات پێویست بکات شاند دەنێرینە بەغدا

فۆتۆ: 
2020-05-31

13003 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هەرێمى کوردستان پابەندى رێککەوتنە یاساییەکانە و بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانیش هەرکاتێک پێویست بکات شاندى هەرێم دەچنەوە بەغدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "ئێمە پێشتریش باسی ئەوەمانکردووە کە شاندى حکومەتى هەریم بۆ بەغدا دەچن و دانوستان دەکەن، ئێمەش وەک هەرێمى کوردستان  پابەندى لێکتێگەیشتنى کۆتایی ساڵى  ٢٠١٩ین کە باسی بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێمى تێداکراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "پابەندین بە بنەما یاساییەکان، تاوەکو بتوانین شایستە داراییەکانى کوردستان وەربگرین بۆیە گفتوگۆیەکان بەردەوام دەبن و هەرکاتێکیش گونجاوبێت شاندى هەرێم دەچنە بەغدا".

لەبارەى تەشەنەکردنى زیاتر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا جوتیار عادل ئەوەی خستەڕوو،  "ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسییەکى جدییە و پێویستە خەڵکى کوردستان ئاگادار و پابەندى رێنماییەکانى تەندروستیى بن، دەبێت هاوڵاتیان بەرپرسانە مامەڵە بکەن، چونکە ئەگەر وانەکەین دۆخەکە لە کۆنتڕۆل دەردەچێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نێوانیان، چەند جارێک شاندی هەرێم بە مەبەستی گفتوگۆ سەردانی بەغدای کرد و هەر ئەمڕۆش حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە هەتا نەگەن بە رێککەوتنی کۆتایی هیچ بڕەپارەیەکی دیکە بۆ هەرێم نانێرن.