سەردێڕ:

قائیمقامی پێنجوێن: ژمارەیەک کارمەندی تەندروستیی توشی کۆرۆنا بوون

فۆتۆ: 
2020-05-31

15399 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی پێنجوێن رایگەیاند، لە ئێستادا دانیشتووانی گەڕەکێک لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتین کراون، دەشێڵت، بەشێک لە کارمەندانی تەندروستیی کە لە مەرزی باشماخ کاریانکردووە توشی ڤایرۆسەکە بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، زانا ڕەحمان قائیمقامی پێنجوێن بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی پشکنینەکان بۆ گومانلێکراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوتووە، ٥١ هاوڵاتی قەزاکە توشی پەتاکە بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێنیش، کە وەک تیمی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە مەرزی باشماخ کاریانکردووە توشی ڤایرۆسەکە بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، دەرکەوتووە لەئەنجامی تێکەڵی خەڵک لە بازاڕ و مزگەوتەکان بەشێک لە هاوڵاتیان توشی کۆرۆنا بوون.

راشیگەیاند، بەهۆی گومان لە توشبوونی زیاتری خەڵک بە کۆرۆنا ئێستا دانیشتوانی گەڕەکی کانی مینا کەرەنتین کراون و لەماڵەکانی خۆیاندا ماونەتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا ٧١٠ کەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٤٢٠ کەسیان چاکبوونەتەوە.

گۆران لوقمان، سلێمانی