سەردێڕ:

وەزیری گواستنەوە: بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت نرخەکانیان کەمدەکەنەوە

فۆتۆ: 
2020-05-31

10816 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دوو کۆمپانیاى ئینتەرنێت نێت نرخیان دابەزاندووە و خێراییشیان زیاد کردووە، دەشڵێت، "بۆ لەمەودوا کارتی نایلۆن نامێنێت و سەرجەمیان دەبێت بە ئەلیکترۆنی".

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رایگەیاند، "پرۆژەى دابەزاندنى نرخى ئینتەرنێت و بەرزکردنەوەى کوالێتییەکەی چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و دوو کۆمپانیاى ئینتەرنێت نرخیان دابەزاندووە و خێراییشیان زیاد کردووە، داواشمان لە حکومەتى عیراق کردووە باجى فرۆشی کارتى موبایل بۆ کوردستان بگێڕێتەوە".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر لە ڕێگەى هاوڵاتیانەوە ئاگادارکراینەوە کە دوو جۆر گرفت هەیە، یەکیان نرخى ئینتەرنێت و دووەم خێراییەکەی، بۆیە لە سەرەتاى مانگى سێی ئەمساڵ داوامان لە هەموو کۆمپانیاکانى دابینکردنى ئینتەرنێت کرد نرخەکانیان دابشکێنن و کوالێتى و خێراییەکەشی زیادبکەن، لەو چوار چێوەیەشدا دوو کۆمپانیا بەڵێنیاندا کە لە سبەینێ ١/٦ەوە %٢٥ى نرخەکانی ئینتەرنێت دابەزێنن".

باسی لەوەشكرد، "داوا لە کۆمپانیاکانى ئینتەرنێت دەکەین، کە ئەوانیش بێنە ناو ئەو کێبڕکێیە و نرخ دابەزێنن و خێرایی زیاد بکەن"، دەشڵێت، "بۆ لەمەودوا کڕینى کارتى نایلۆن نامێنێ، بەڵکو ئەوەی هەیە بەڕێگەى بە شێوەى ئەلیکترۆنی دەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "هاوڵاتییان تێبینیان لەبارەی نرخى کارتەکانى موبایل وەک ئاسیاسێڵ و زەین و کۆڕەک هەیە، بەڵام لە ساڵى ٢٠١٥وە لەلایەن حکومەتى عیراقییەوە ٢٠%ى باجى فرۆشتنیان خراوەتەسەر، ئێستاش لە رێگەى وەفدى دانوستانکارى کوردستان داوا لە حکومەتى عیراق دەکەین کە بڕى ئەو باجەى وەریدەگیرێت بەشی هەرێمى کوردستانى بداتەوە بە کوردستان".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا هاوڵاتیان گلەییان لە خاوی هێڵەکانی ئینتەرنێت و گرانی نرخەکەیان هەبوو.