سەردێڕ:

حکومەت: راپۆرتی قەرز و پابەندە داراییەکان بۆ دیوانی چاودێری دەنێرین

فۆتۆ: 
2020-05-31

2391 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، راپۆرتی تایبەتی قەرز و پابەندییە داراییەکان ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.

ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە ڕاپۆرتی تایبەتی قەرز و پابەندییە داراییەکان ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بکرێت، وەکو لایەنی پەیوەندیدار بە مەبەستی وردبینی و پێداچوونەوە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بخرێتە بەردەستی پەرلەمانی کوردستان و ڕای گشتی.

رۆژی ٢٢ی ئایار، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئەوەی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە، ئەمەش کاردانەوەی پەرلەمان و بەشێک لە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەدوای خۆیداهێنا.