سەردێڕ:

چارەنوسی ٤٠٠ ملیارەکەی بەغدا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-05-31

66537 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی هەرێم بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، حکومەتی هەرێم بڕی ٢٠٠ ملیار لەو ٤٠٠ ملیار دینارەی لە بەغداوە بۆی نێردراوە، بۆ قەرزی کۆمپانیاکان خەرجکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی هەرێم بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، حکومەتی هەرێم قەرزاری کۆمپانیاکانی بواری نەوت و وەبەرهێنانە و بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری لەو ٤٠٠ ملیارەی لە بەغداوە بۆی نێردرابوو، وەکو شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان خەرجکردووە.

راشیگەیاندووە، خەرجکردنی ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە، دەبێتە هۆی گیروگرفت لە دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی ٢٠٢٠ی فەرمانبەرانی هەرێمدا.

٢٩ی ئەم مانگە، بەغدا ٤٠٠ ملیار دینارەکەی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم و بڕیارە ئەمڕۆش لەگەڵ سەرجەم بانکەکاندا کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت بۆ چۆنێتی دابەشکردن و راگەیاندنی لیستی نوێی موچە، کە ئەو موچەیەی دەدرێت، دەکاتە موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نەدەدرا ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتبوو، لە چەند هەفتەی رابڕدووشدا چەند جارێک شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد.

لە ٢٢ی ئەم مانگەشدا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەکردبوو، ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەکەوێتە دوای دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی عێراقەوە.

هـ.ب