سەردێڕ:

چین: مارکێتەکەی شاری وهان سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە

فۆتۆ: 
2020-05-31

20099 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراوەی چینی بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتا ڤایرۆسییەکان رایگەیاند، مارکێتەکەی شاری وهان سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە. دەشڵێت، کە بۆیان دەرکەوتووە، "ڤایرۆسەکە زۆر لەوەوپێشتر بڵاوبووەتەوە."

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، گاو فو، بەڕێوەبەری دامەزراوەی چینی بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتا ڤایرۆسییەکان رایگەیاندووە، مارکێتی فرۆشتنی خواردنە دەریاییەکان لە شاری وهان بووەتە قوربانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام لە راستیدا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە بۆ یەکەمجار کۆرۆنا لەوێوە سەریهەڵدابێت.

راشیگەیاندووە، کە پاش لێکۆڵینەوەی ورد بۆیان دەرکەوتووە، هیچ یەک لە گیاندارەکانی ناو مارکێتەکەی وهان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبون.

دەشڵێت، یەکەم حاڵەتی تۆمارکراو لە چیندا بۆ رێککەوتی ١ی مانگی ١٢ی ٢٠١٩ دەگەڕێتەوە و پێشیانوایە زووتر لەوکاتەش ڤایرۆسەکە بڵاوبووبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی رابردوودا، میدیاکانی چین چیرۆکی پیاوێکیان بڵاوکردەوە کە لە ١٧ی مانگی ١١ی ٢٠١٩دا و لە هەرێمی هوبەی وەکو حاڵەتێکی نامۆی تەنگەنەفەسی و کۆکین تۆمارکراوە.

پێشتر، بەرپرسانی ئەمریکا، بەرپرسانی چینیان بە شاردنەوەی زانیارییەکان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتبارکرد و رایانگەیاند، کە ئەو وڵاتە بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە و دەبێت بەرپرسیارێتییەکەشی هەڵبگرێت.

ماوەی چەند مانگێکە، ڤایرۆسێک کە پێشتر تێبینی نەکراوە و لە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بە کۆڤید-١٩ ناسێندراوە، بڵاوبووەتەوە. ڤایرۆسەکە تا ئێستا زیاتر لە شەش ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهاندا توشکردووە و هاوکات، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٣٧٠ هەزار کەسی دیکە.