سەردێڕ:

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشانە

فۆتۆ: 
2020-05-31

1752 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ٣١ی ئایار، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشانە و لەو یادەشدا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختدەکاتەوە لەسەر گرنگیدان بە تەندروستی و رێگرتن لە پیشەسازییەکانی جگەرە و کێشانی نیکۆتین بە مەبەستی بنیادنانی نەوەیەکی تەندروست.

بەپێی بڵاوکراوەیەک لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە هەشت ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەوە گیانلەدەستدەدەن، کە حەوت ملیۆنیان بەهۆی کێشانی راستەوخۆوەیە و زیاتر لە یەک ملیۆنیشیان جگەرەکێش نین، بەڵام ناڕاستەوخۆ کاریان تێدەکات و گیانلەدەستدەدەن، هەر بەپێی بڵاوکراوەکەش رێژەی جگەرەکێشان لە جیهاندا یەک ملیار و سێ ملیۆن کەس دەبێت کە ٨٠٪یان لە وڵاتانی کەمدەرامەت و جیهانی سێیەمدان.

هەر بۆیە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە پێویستی دەزانێت بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتوو، ئەمساڵ جەختبکاتەوە لەسەر پاراستنی گەنجەکان و دوورخستنەوەیان لە پیشەسازی جگەرە و کێشانی نیکۆتین.

رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان لە ٣١ی ئایاری هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە، ئامانج لە دانانی ئەم رۆژە، پەروەردەکردنی هاوڵاتیانە لەبارەی ئەو مەترسیانەی کە لەرێگای جگەرەکێشانەوە دووچاریان دەبێتەوە.