سەردێڕ:

پەروەردە: قۆناغی ١٢ تا سێ وانەش دەرنەچووبن تاقیکردنەوەی گشتی دەکەن

فۆتۆ: 
2020-05-31

17396 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، ئەو خوێندکارانەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کە لە وەرزی یەکەمدا دەرچوون یان تا سێ وانە دەرنەچوون، بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکان دەکەن. دەشڵێت، "ئەو خوێندکارانەی لە سێ وانە یان زیاتر دەرنەچووبن، ئەوا لە ٧ی مانگی داهاتوودا تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم ئەنجامدەدەن."

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەم بڕیارانەی لای خوارەوە کردووە:

١- قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی، بە هەموو بەشەکانیەوە، ئەوانەی دەرچوون و ئەوانەشی تا سێ وانە لە وەرزی یەکەم دەرنەچوون، داخڵی تاقیکردنەوە گشتییەکان (وەزاری) دەبن، پێویست ناکات تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم ئەنجامبدەن.

٢- تەنیا بۆ ئەمساڵی خوێندن ١٠ نمرەی بڕیار دەدرێت بە قوتابیانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی، ئەو ١٠ نمرەی بڕیارە بۆ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمە و پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمیش دەگرێتەوە.

٣- پاش سودمەندبوون لە ١٠ نمرەی بڕیار، ئەو قوتابیانەی لە سێ وانە زیاتر دەرنەچوبێتن لە وەرزی یەکەم، واتە چوار وانە و زیاتری کەوتنیان هەبێت، لە رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٧ی ٦ی ٢٠٢٠، تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم ئەنجامدەدەن، تاقیکردنەوەکان دەبێت بەگوێرەی رێنمایی تەندروستیی بێت و قوتابی بە بێ ماسک و دەستکێش ناتوانێت بەشداری تاقیکردنەوەکان بکات.

٤- تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی قۆناغی پێنجەمی پەیمانگاکان (حکومی و ناحکومی) دوادەخرێت بۆ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی ٦ی ٢٠٢٠.

پێشتر، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە فەرمانێکی وەزاریدا رایگەیاند، تاقیکردنەوەی گشتی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە رێککەوتی ١١ی ٧ی ٢٠٢٠ دەستپێدەکات.