سەردێڕ:

ترەمپ: پێویست بکات بە زەبری هێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان دەهێنین

فۆتۆ: 
2020-05-31

6125 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر حاکمی ویلایەتەکان و پارێزگاری شارەکان نەتوانن کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن، ئەوا وەکو حکومەتی فیدراڵی دەستوەردان دەکەن و کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان دەهێنن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەری خۆی رایگەیاند، "ئاژاوە نانەوە و شکاندنی سنوری ویلایەتەکان تاوانێکی فیدراڵییە، پێویستە حاکمی ویلایەتەکان و پارێزگاری شارەکان رێکاری توندتر بگرنەبەر بۆ رێگری لەو گرژییانە، ئەگەرنا، حکومەتی فیدراڵی دەستدەخاتە کارەکەوە و هێزی سەربازی بێسنور دژی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "٨٠%ی خۆپیشاندەرانی مینەپۆلیس، لە دەرەوەی شارەکەوە هاتوون و زیان بە کاروباری ئەمریکییە بەڕەگەز ئەفریقییەکان و ماڵ و ژیانی هاوڵاتیان دەگەیەنن."

ئەمەش لەکاتێکدایە، کوژرانی جۆرج فلۆید بووە هۆی توڕەبوونی زۆرێک لە رەشپێستانی ئەمریکا و تەواوی جیهان و بە کارێکی رەگەزپەرستانە لە قەڵەمدرا و بۆ ماوەی چوار رۆژیشە لەسەریەک، خۆپیشاندان لە شارە جیاوازەکانی ئەمریکادا بەردەوامە.