سەردێڕ:

کەنەدا.. خۆپیشاندان لە دژی کوژرانی ژنێکی رەشپێست دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2020-05-31

4299 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە ئۆپراسیۆنیکی پۆلیسی شاری تۆرنتۆی کەنەدا ژنێکی رەشپێست لە باڵکۆنی باڵەخانەیەکەوە کەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا، هەزاران کەسی شارەکە دژ بە گیانلەدەستدانی ژنەکە و پیاوە رەشپێستەکەی ئەمریکا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

میدیاکانی کەنەدا بڵاویانکردەوە، پۆلیسی شاری تۆرنتۆی کەنەدا رایگەیاندووە، کە لە ئۆپراسیۆنیکی رۆژی چوارشەممەی رابردوودا، ژنێکی رەشپێست لە باڵکۆنی باڵەخانەیەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و گیانلەدەستداوە و ئەوەش، بووە هۆی هاتنەدەرەوەی هەزاران کەس لە شارەکەدا و پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا دەربڕی.

چوار رۆژە لەسەریەک، هاوڵاتیانی شارە جیاوازەکانی ئەمریکا دەڕژێنە سەرشەقامەکان و ئیدانەی کوشتنی جۆرج فلۆید دەکەن کە لەلایەن پۆلیسێکەوە کوژرا.

خۆپیشاندەران پێکدێن لە هەردوو خەڵکانی رەشپێست و سپیپێست و هەموویان پێکەوە داوای هێنانەدی دادپەروەریی لە کەیسەکەدا دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەپێی گرتەڤیدیۆیەک، دوو پۆلیسی شاری مینەپۆلیس پیاوێکی رەشپێستیان دەستگیرکردووە و لەسەر دەم بە زەوییاندا داوە. ئەگەرچی پیاوە رەشپێستەکە هاواردەکات، کە ناتوانێت هەناسە بدات، بەڵام پۆلیسەکان پشتگوێی دەخەن و بەوەش، گیانیلەدەستدا.