سەردێڕ:

کۆیە.. چیرۆکی ئەو داربەڕووەی گەنجێکی لە ئەنفالکردن رزگارکرد

فۆتۆ: 
2020-05-31

15257 جار خوێندراوەتەوە

لە گوندێکی سنوری قەزای کۆیە داربەڕوویەک هەیە کاتی خۆی لە کاتی ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستان گەنجێکی ڕزگارکردووە.

ئەم داربەڕووە  بۆ مرادی تەمەن ۷۰ ساڵ لەگەڵ دانیشتوانی تری گوندەکە زۆر جیاوازە، چونکە لق و پۆپەکانی لە ساڵی (١٩٨٨) ژیانی مرادی ڕزگار کرد، کاتێک سەربازانی عێراقی دوای ئەنفال، دەغڵ و دانی گوندەکەیان دەدوریەوە مراد لە دەووبەری گوندەکە بووە، سەربازەکانیش  کون و قوژبنی گوندەکە بەدوای مراد دا دەگەڕان تاوەکو دانیشتوانی تری گوند بەرەو چارەنوسێکی نادیاری بەرن،  بەڵام خۆحەشاردان لەناو گەڵا چڕوپڕ و سەر لقە بەرزەکانی دارەکە سەربازەکانی لە ژێر دارەکە کوێرکردبوو.

لەساڵانی(١٩٨٠)کان داربەڕووەکە قەبارەی گەورەتر و بەرزتربووە، بەئەستەم کەسێکت دەدۆزیەوە کاتێک خۆی لەسەر دارەکە حەشاردەدات، ئەوکاتیش مراد چست و چالاکبووە، بەچەند چرکەیەک بەسەر دارەکەدا سەرکەوتووە، هەردوو هۆکار بوونەتە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی مراد، دوای ۳۲ ساڵ مراد جارێکی تر و بەتاقەتێکی کەمەوە بەسەر دارەکەدا سەرکەوتەوە بۆ شوێنی خۆحەشاردانەکەی.

هاوکات، مراد لەبەرنامەیدا هەیە ڕۆژێک عێل و عەشیرەتی گوند بەگەورە و بچوک بهێنێتە ژێر دارەکە و خوانێکیان بۆ ڕێکبخات، کە دارەکە ژیانی ڕزگارکردووە.

تا مێژووی داربەڕووەکە هەڵبدەیتەوە، خێر و بەرەکەتی زیاتربووە بۆ دانیشتوانی گوندەکە، چونکە لەساڵانی (١٩٦٠)کانیش ژیانی هاوڵاتیەکی تری لە مردن ڕزگارکردووە، کاتێک فڕۆکەکانی حکومەتی عێراقی جوتیارێکی گوندەکە دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە، بەڵام جوتیارەکە دەچێتە سەردارەکە و خۆی حەشاردەدات ئەگەرچی ئێستا جوتیارەکە لە ژیاندا نەماوە.

داربەرڕووەکەی گوندی تیمارۆک لە شوێنێکی بەرزەوە ڕواوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی بە دەشتی کۆیەدا و لە بەشی ڕۆژئاواشیدا بەسەر شاری کۆیەدا دەڕوانێت، بە گێڕانەوەی پیاوە ڕیش سپیەکانی گوندەکەش بێت باپیرە گەورەکانیشیان ئەو وەڵامەیان دەستنەکەوتووە، کە ئاخۆ مێژووی داربەڕووەکە بۆ کەی دەگەڕێتەوە چونکە تەمەنەکەی هێندە کۆنە.