سەردێڕ:

تەندروستیی هەرێم: پێشنیازی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆمان نەکردووە

فۆتۆ: 
2020-05-31

128248 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، هیچ پێشنیازێک بۆ قەدەغەی هاتوچۆی تەواو و درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمدا نەکراوە.

ئەمڕۆ شەممە، محەمەد قادر خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی رایگەیاند، "لە چەند دەزگایەكی میدیایی لێدوانێك لەسەر ناوی وەزیری تەندروستی بڵاوكراوەتەوە گوایە قەدەغەی هاتوچۆ درێژدەکرێتەوە، هاوڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دڵنیا دەكەینەوە كەوا هیچ بڕیار و پێشنیازێكی لەوشێوەیە لە ئارادا نییە و هیچ لێدوانێکی لەم جۆرە نەدراوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە كاتی پێویست و هەر ڕەوشێکی نوێ بە هەماهەنگی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە فەرمی ڕێنمایی پێویست و ڕێکارەکانی خۆپارێزی ڕادەگەینرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەشێکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەم دوو ڕۆژەدا بڕیاری نوێ لەبارەی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمدا دەدات.