سەردێڕ:

هەرێم.. ٢٣ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-05-30

6961 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، ٢٣ حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی و هەڵەبجە تۆمارکرا، بەوەش کۆی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم گەیشتە ٦٠٦ توشبوو.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، " لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و توشبووان، ٢٣ توشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستنیشانکران".

ئەوەش هاتووە، "توشبووەکان ١٤ پیاو و ھەشت ئافرەت و کچێکی گەنجن، کە چوار توشبوو بەرکەوتووی توشبووانی پێشوون، یەک توشبوو پێشینەی گەشتی ھەبووە، ھەژدە توشبووەکەی تر نیشانەی نەخۆشیان ھەیە و پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "٢٣ توشبووەکە بەم جۆرە دابەشبوون، کە ١٨ کەسیان دانیشتووی ناو شاری سلێمانی، دانیشتووانی هەریەک لە دەربەندیخان، کەلار، هەڵەبجە، بەغدا یەک توشبوویان تێدا تۆمارکراوە".

بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا ٦٠٦ کەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٤٠٩ کەسیان چاکبوونەتەوە.