سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: کەمکردنەوەی موچە پڕوپاگەندەیە

فۆتۆ: 
2020-05-30

10261 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق رایگەیاند، هەموو ئەو قسانەی لەبارەی کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانەوە دەکرێن هێشتا تەنیا پروپاگەندەن و هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ نەنراوە.

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ پێشنیازێکی کەمکردنەوە و بڕین و گۆڕانکاری لە موچەدا بەدەست لیژنەکەیان لە پەرلەمان نەگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا بودجەی ئەمساڵی وڵاتەکە نەهاتووەتە پەرلەمانەوە بۆ پەسەندکردن و هاوکات، چاوەڕوانن بە زووی بودجەی ئەمساڵ، بۆ پێداچوونەوە، بە دەست لیژنەکەیان بگات.

لە ماوەی رابردوودا، راوێژکارێکی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق رەنگە بۆ بودجەی ئەمساڵ نەتوانێت بودجەی ساڵانە دابینبکات، بەڵکو لەجیاتیدا، بودجەی مانگانە یاخود بودجەی شەش مانگی داهاتووی ئەمساڵ رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.

هەر لە ماوەی رابردوودا، لیژنەی پێداچوونەوەی بودجەی عێراق پێشنیازی کەمکردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی بۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتەکە کردبوو بە جۆرێک بۆ فەرمانبەری ئاسایی ٥٠% و بۆ پلەباڵاکانیش ٧٥%ی دەرماڵەکانیان کەمبکرێتەوە.

بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتەوە، عێراق روبەروی دۆخێکی دارایی سەخت بووەتەوە و بەرپرسانی دارایی ئەو وڵاتە باس لەوەدەکەن، کە پێشتر مانگانە حەوت ترلیۆن و ٥٠٠ ملیۆن دیناریان دەسکەوتووە، بەڵام لە ئێستادا کەمتر لە دوو ترلیۆن دیناریان دەستدەکەوێت و بەوەش، گرفت بۆ بودجەی وڵات دروستبووە.