سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: هەفتەی داهاتوو هەفتەی خۆپیشاندان و روخانی دەسەڵاتە

فۆتۆ: 
2020-05-30

38575 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەفتەی خۆپیشاندان و روخانی ئەم دەسەڵاتەیە و هەر گروپ و لایەن و کەسایەتییەکی ناڕازی هەیە، ئەوا با پێکەوە هەموویان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەن و ئەوانیش وەک هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵیان دەبن و لەگەڵ خەڵکی خۆیان دەبن.

ئەمڕۆ شەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، "ئەم دەسەڵاتە هیچی نەماوە و کاتی ڕوخانی یەکجارەکی هاتووە، بەڵام ئەوەی ئەگەر تۆزێک فریای بکەوێت و کەمێک تەمەنی درێژبکاتەوە، پەرتەوازەیی و ساردکردنەوەی جەماوەر و خەڵکە".

دەشڵێت، "دەسەڵات دەیەوێت هەموو گروپ و خەڵکە ناڕازییەکان پەرت پەرت بکات، دەیەوێت گومان لەسەر خەڵکی باش و نیەتی باش دروستبکات و لە بری ئەوە خۆی خەڵکی نزیک خۆی بخاتە پێشەوە و بە ناوی کەسانی ناڕازی، جەماوەر سارد بکەنەوە و خەڵکانی ناڕازی بکەن بە دوژمنی یەکتر، دەیەویت خەڵکە ناڕازییەکان لەبری رووی دەمیان لە دەسەڵات بێت، رووی دەمیان لە یەک بێت و ناکۆک بن".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "بۆیە تکام وایە لە سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە ئاگاداری ئەو گەمەیە بن، زوڵم و چەوساندنەوەی دەسەڵات و ئەو هەموو ناحەقییەتان لەبیرنەچێت، نەهێڵن لە ڕێی چەند کەسێک کە لە ژێرەوە پەیوەندیان لەگەڵ دەسەڵات هەیە و بەرژەوەندییان هەیە، میللەت ساردبکەنەوە و خەڵکە ناڕازییەکە پەرتەوازە بکەن".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەر کەس و گروپێک ناڕازییە لەم دەسەڵاتە، ئەوا دەبێت بەرژەوەندی میللەت لە پێش هەموو شت ببینێت و دەنگی ناڕەزایی بەرزبکاتەوە، هەر گروپ و لایەن و کەسایەتییەکی ناڕازی هەیە، ئەوا با پێکەوە هەموویان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەن و ئێمەش وەک هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵیان دەبین و لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین".

باسی لەوەشکردووە، "لێرەوە بە هەموو لایەکی ڕادەگەێنین کە هەفتەی داهاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەستپێدەکات و دەیکەینە هەفتەی روخانی ئەم دەسەڵاتە، هەمووان پێکەوە بەرەو یەک ئامانج، ئامانجی گەورە، ئامانجی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی کە ٢٩ ساڵە هاوڵاتی هەرێم دەچەوسێنێتەوە و زوڵم لە خەڵک دەکات".

راشیگەیاندووە، "خۆپیشاندان بۆ داوای مافی خۆتە، نەک مافی کەسی تر، خۆپیشاندان لەبەرخاتری خۆتە، نەک لەبەرخاتری کەسی تر، خۆپیشاندان بۆ ئەوەیە خۆت و خێزانەکەت و منداڵەکانتان ژیانێکی خۆشتریان هەبێت، نەک لە پێناو حیزب و لایەنی تر".

شاسوار عەبدولواحید لە کۆتایی پەیامەکەشیدا دەڵێت، "پێویستە هاوڵاتی ئاسایی، فەرمانبەر و موچەخۆر، کاسبکار و خەڵکانی ناوبازاڕ، گەنجانی بێبەش لە سەروەتی ئەم هەرێمە و پیرو خەڵکانی بەتەمەنی بە ئەزموونی ئەم هەرێمە، ژنان و کچان لەپاڵ پیاواندا، هەمووان پێکەوە با ئامادەبین بۆ هەفتەی داهاتوو، هەفتەی هەڵبڕینی دەنگمان و بێدەنگنەبوون لە مافی خۆمان".