سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. بەهۆی خۆپیشاندانەوە کۆشکی سپی ئەمریکا داخرا

فۆتۆ: 
2020-05-30

5755 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی شەپۆلی خۆپیشاندەرانەوە، ئێوارەی رابردوو کۆشکی سپی داخرا و رێگە بە هیچ خۆپیشاندەرێک نەدرا لە دیواری کۆشکەکە نزیکببێتەوە.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندەران لە واشنتۆن دیسی پایتەختی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە شەقامی پنسلڤانیا و لە بەردەم کۆشکی سپیدا خۆپیشاندانیان لە دژی کوشتنی جۆرج فلۆید، پیاوە رەشپێستە کوژراوەکەی چەند رۆژی رابردوو کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی خزمەتگوزاری نهێنی کە ئەرکیان پاراستنی کۆشکی سپییە، بە لایەنی کەمەوە یەک خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە و دەرگای کۆشکەکەشیان کڵۆم داوە.

سێ رۆژە لەسەریەک، هاوڵاتیانی شارە جیاوازەکانی ئەمریکا دەڕژێنە سەرشەقامەکان و ئیدانەی کوشتنی جۆرج فلۆید دەکەن کە لەلایەن پۆلیسێکەوە کوژرا.

خۆپیشاندەران پێکدێن لە هەردوو خەڵکانی رەشپێست و سپیپێست و هەموویان پێکەوە داوای هێنانەدی دادپەروەریی لە کەیسەکەدا دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەپێی گرتەڤیدیۆیەک، دوو پۆلیسی شاری مینەپۆلیس پیاوێکی رەشپێستیان دەستگیرکردووە و لەسەر دەم بە زەوییاندا داوە. ئەگەرچی پیاوە رەشپێستەکە هاواردەکات، کە ناتوانێت هەناسە بدات، بەڵام پۆلیسەکان پشتگوێی دەخەن و بەوەش، گیانیلەدەستدا.