سەردێڕ:

دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران: هەواڵی خۆش بەڕێوەیە

فۆتۆ: 
2020-05-29

5154 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران لە بەرامبەر دانانی ناوی دوو بەرپرسی لە لیستی سزاکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەواڵی خۆش بەڕێوەیە.

دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی هەریەک لە مەجید ئاقایی و ئەمجەد سازگار بەرپرسانی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی خستە لیستی سزاکانیەوە، ئەو دامەزراوەیە وەڵامی دایەوە و هەنگاوەکەی بە دوژمنکارانە و ترسنۆکانە ناوبرد.

دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران لە زنجیرە تویتێکدا راشیگەیاندووە، ئەو هەنگاوە نەک هەر نابێتە هۆی پاشەکشێپێکردن بە گەنجان و زانایانی ئەتۆمی وڵاتەکەیان، بەڵکو زیاتر هانیان دەدات بەرەو پێشەوە بچن.

لە کۆتاییشدا بەبێ ئەوەی هیچ وردەکاریەک بخاتەڕوو، رایگەیاندووە، هەواڵی خۆش لەبارەی پیشەسازی ئەتۆمی ئێرانەوە بەڕێوەیە.

ئەمریکا لەو بڕوایەدایە کە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران ئامانجی سەربازی لە پشتەوەیە و بۆ رێگری لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوە و بەرپرسانی ئێرانیش بەردەوام جەخت لە ئاشتیانەبوونی بەرنامە ئەتۆمیەکەیان دەکەنەوە.