سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. پەیامنێرێکی سی ئێن ئێن لە پەخشی راستەوخۆدا دەستگیرکرا

فۆتۆ: 
2020-05-29

10529 جار خوێندراوەتەوە

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، پەیامنێرێکیان لە شاری مینەپۆلیسی ویلایەتی مینەسۆتا بەهۆی گواستنەوەی خۆپیشاندانەکان لە دژی کوشتنی کەسێکی رەشپێست، لە پەخشی راستەوخۆدا دەستگیرکراوە و ئەوەش بە پێشێلکردنی ماددەی یەکەمی دەستووری وڵاتەکە دادەنێت.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پۆلیسی شاری مینەپۆلیس، لە پەخشی راستەوخۆدا پەیامنێرێکیان بە ناوی عومەر جیمینز و دوو میدیاکاری هاوڕێی دەستگیرکردووە.

دواتر، کەناڵی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکرد، کە پەیامنێرەکە و تیمەکەیان ئازادکراون و پارێزگاری مینەسۆتاش داوای لێبوردنی لێکردون.

دوو رۆژە لەسەریەک، هاوڵاتیانی شاری مینەپۆلیس دەڕژێنە سەرشەقامەکان و ئیدانەی کوشتنی جۆرج فلۆید دەکەن کە لەلایەن پۆلیسێکی شارەکەوە کوژرا.

خۆپیشاندەران پێکدێن لە هەردوو خەڵکانی رەشپێست و سپیپێست و هەموویان پێکەوە داوای هێنانەدی دادپەروەریی لە کەیسەکەدا دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەپێی گرتەڤیدیۆیەک، دوو پۆلیسی شاری مینەپۆلیس پیاوێکی رەشپێستیان دەستگیرکردووە و لەسەر دەم بە زەوییاندا داوە. ئەگەرچی پیاوە رەشپێستەکە هاواردەکات، کە ناتوانێت هەناسە بدات، بەڵام پۆلیسەکان پشتگوێی دەخەن و بەوەش، گیانیلەدەستدا.