سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی دوایین زانیاری لەبارەی ٤٠٠ ملیارەکەی بەغداوە ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-05-29

173453 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، حکومەتی عێراق ٤٠٠ ملیار دینارەکەی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و بڕیارە لەم هەفتەیەوە لیستی نوێی موچە رابگەیەندرێت.

بەپێی زانیارییەکانی هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر، بەغدا ٤٠٠ ملیارە دینارەکەی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سەرجەم بانکەکاندا کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت بۆ چۆنێتی دابەشکردن و راگەیاندنی لیستی نوێی موچە، کە ئەو موچەیەی دەدرێت، دەکاتە موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ.

باسی لەوەشکرد، لەم هەفتەیەوە وەزارەتی دارایی لیستی نوێی موچە رادەگەیەنێت و بڕیارە هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو یەکەم وەزارەت کە موچە وەردەگرێت، وەزارەتی ناوخۆ بێت، بەڵام وەزازەتەکانی دوای ئەو گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و لە لیستی نوێدا مامۆستایان پێشبخرێت.

لە ئێستادا، فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە مانگى ئایاردان، بەڵام هێشتا موچەى مانگى شوباتی ٢٠٢٠ یان وەرنەگرتووە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نەدەدرا ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتبوو، لە چەند هەفتەی رابڕدووشدا چەند جارێک شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد.

لە ٢٢ی ئەم مانگەشدا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەکردبوو، ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەکەوێتە دوای دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی عێراقەوە.