سەردێڕ:

کەشناسی: بۆ ماوەی دوو رۆژ پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە

فۆتۆ: 
2020-05-29

35591 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی کەشناسی لە فڕۆکەخانەی بەسرە رایگەیاند، لە ئەمڕۆ هەینییەوە پلەکانی گەرمای شارەکانی ناوەڕاست و باکوری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە. دەشڵێت، "رەنگە لە هاوینی ئەمساڵدا هەندێک جار پلەکانی گەرما نزمبوونەوە بە خۆیانەوە ببینن."

لە راگەیەندراوێکدا، سادق عەتیە، بەرپرسی کەشناسی لە فڕۆکەخانەی بەسرە ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینیدەکرێت دابەزینی پلەکانی گەرما دوو رۆژ بخایەنێت و دواتر دەست بە دووبارە بەرزبوونەوە بکاتەوە.

باسی لەوەشکردووە، کە وادەردەکەوێت، هەندێک جار لە هاوینی ئەمساڵدا بەرزە پاڵەپستۆی هەوا لە ئاڕاستەی ئەوروپاوە بەرەو ناوچەکە بێت و بەوەش، جار بە جار پلەکانی گەرما نزمببنەوە.

ئەوەشی وتووە، ئەگەرچی ئەم نزمبوونەوەیە تەنیا دوو رۆژ دەخایەنێت، بەڵام پێشبینیدەکرێت لە ناوەراست، یان زووتری نیوەی مانگی داهاتوودا، جارێکی دیکە پلەکانی گەرما نزمببنەوە.

هەر بەپێی پێشبینییەکانی سادق عەتیە، لەم چەند رۆژەدا، پلەی گەرمای شارەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج پلە نزمدەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ، کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەش و هەوای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان پەڵەهەور بۆ نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک و پلەكانی گەرماش لە چەند ڕۆژی داهاتودا، بە شێوەیەكی بەرچاو و بەنزیكەی پێنج بۆ ١٠ پلە روو لە نزمبوونەوە دەکات.