سەردێڕ:

وەزیری کارەبا: لە ئێستادا ٢٠ کاتژمێر کارەبا دەدەینە هاوڵاتیان

فۆتۆ: 
2020-05-29

12129 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، "تیمێکی کۆری گەیشتوونەتە هەرێم بۆ خستنەکاری وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ٣٠٠ مێگاواتی قەزای خەبات، لە ئێستاشدا ٢٠ کاتژمێر کارەبا دەدەنە هاوڵاتیان."

کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم، بە ماڵپەری فەرمی پارتی ڕاگەیاند، "بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تیمێکی کۆری هاتوونەتە هەرێم و بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەدا وێستگەیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە قەزای خەبات تەواوبکرێت و بکەوێتە کار."

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "کە ئێستا دۆخی کارەبا جیگیرە و توانیویانە زیاتر لە ٢٠ کاتژمێر کارەبا بدەن بە هاوڵاتیان و لە مانگی داهاتووشدا بەرهەمێنانی کارەبا لە بەنداوی دووکانیش زیاد دەبێت و دەتوانن ١٠٠ مێگاواتی دیکە بڕی کارەبا زیاد بکەن."

ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، "توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە سێ هەزار و ٢٠٠ مێگاواتەوە بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کەمیکردووە، بەهۆی کێشەی تەکنیکی و بەگەڕ نەخستنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای قەزای خەباتەوە."