سەردێڕ:

كەركوك.. بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بڵاوە بە گردبوونەوەی جوتیاران کرا

فۆتۆ: 
2020-05-29

3535 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەشێك لە جوتیارانی کەرکوک لە بەردەم سایلۆی شارەكە بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەكەیان گردبوونەوە، بە زەبری تەقەی هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێكرا.

دیار محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە كەركوك ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ، بەشێک لە جوتیارانی کەرکوک لە بەردەم سایلۆی شارەکەدا و بەهۆی وەرنەگرتنی بەروبومەکەیان بە ھۆکاری ئەوەی گەنمەکەیان نیسک و ماشی تێدابووە گردبوونەوە، بەڵام، لەلایەن لیوای ٦١ی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە زۆری هێز و تەقەکردن بەسەر جوتیاران و ڕۆژنامەنوساندا، بڵاوەیان  پێكرا."

ئاماژەی بەوەشكرد، "بەشێوەیەکی زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵ جوتیاران و ڕۆژنامەنوسان كرد و سەرجەم کامێرای  روژنامەنوسان و کەناڵەکان لە لایەن لیوای ٦١ تەماشادەکرا و ئەو وێنانەی تۆماركرابوون دەسڕایەوە، دواتر ڕێگەی ڕۆشتنیان دەدا."

وتیشی، "لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا نزیكەی ١٥ جار لەلایەن هیزە ئەمنییەكانی كەركوك و لیوای ٦١ەوە پیشیلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە."