سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەت: هەندێک لایەن هەوڵی بە سیاسیکردنی بابەتی کۆرۆنا دەدەن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: میدیاکان
2020-05-29

20208 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی سستی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، خەریکە پەتای کۆرۆنا دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. دەشڵێت، "هەندێک لایەن هەوڵی بە سیاسیکردنی هەوڵەکانی حکومەت دەدەن و ژیانی ھاوڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە."

ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "مەترسیی پەتای کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە."

راشیگەیاند، "ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاوڵاتیانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەندبوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی."

دەشڵێت، "بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێک لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود نیشانبدەن و بەداخەوە ژیانی ھاوڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە."

باسی لەوەشکردووە، "ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هاندەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیارێتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنەئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن."

ئەوەش هاتووە، "من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لەژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ و دۆخی خراپی دارایی هەرێم، هاوڵاتیان نیگەرانن لە رێکارەکانی حکومەت دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، لە چەند رۆژی رابردوودا، دەیان حاڵەتی نوێی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە شارە جیاوازەکانی هەرێمدا تۆمارکراون.